|
بهرایی
هەر سات بتەوێت سەردانم بکەیت، پێویست بە هەواڵ ناردن ناکات و کە هاتیشیت لە زەنگ دانی ناوێت، چونکە دەرگایەکی ئاوەڵا ئەبینیت و ماڵێکی فێنک بۆ حەسانەوەت، کە بە ژووریش کەوتیت هەموو ئەو شتانە ئەبینیت، کە ڕەنگە هەندێکیان تازە بن بە لاتەوە و هەندێکی تریشیان بەر لەم سەردانەت لێرە و لەوێ چاوت کردبن.
ئەگەر ئەتەوێت زیاتر بمناسیت و لە نزیکترەوە گوێت لێم بێت، ئەوا ئێستێک بکە و لە سووچێکەوە بە ئارامیی بەرامبەرم دابنیشە و منیش هێدی .. هێدی بۆت ئەدوێم:
وەک ئەڵێن لە گەڕەکە ماندووەکەی "پیرمەنسوور"ی سلێمانی، لە 1963.12.09 وەک پاشەبەرە لە خێزانێکی گەورە لە دایکبووم، "عەلی نەجاڕ"ی باوکم بە دەست و بازوو وەشاندنی بەردەوام داری دائەتاشیی و منیشی وەک برا و خوشکەکانم خستە بەر خوێندن.
یەکەم ڕۆژی خوێندنم لە قوتابخانەی سەرەتایی "پیرەمەگروون" خۆم بینییەوە و پاشان لەبەر زۆریی ژمارەی قوتابییەکان لە پۆلی دووەمەوە لەگەڵ چەند قوتابییەکی تردا ڕەوانەی قوتابخانەی سەرەتایی "هیوا" کراین و پاشان لە ناوەندی "ڕۆژی نوێ" قۆناغی ناوەندییم تەواو کرد و بۆ خوێندنی ئامادەیی ڕووم لە ئامادەیی "هەڵکەوت" کرد و پۆلی پێنج و شەشی وێژەییشم لە ئامادەیی "ئەزمڕ" بە ڕێکرد و پاش ئەوە پەیمانگای بەڕێوەبردنی هونەرییم لە شاری موسڵ تەواو کرد.
ساڵی 1991 ژیانی خێزانییم پێکهێناو خاوەنی کوڕێکم بە ناوی"زەنوێر". لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 1995ەوە لە ئەڵمانیا گوزەران ئەکەم.
وەک نووسینیش لە تەمەنێکی زۆر زوەوە ئەو ئارەزووە لەگەڵ خۆی بردوومی و لە سەرەتای هەشتاکانیشەوە یەکەم بەرهەمی شیعرییم لە ڕۆژنامەی "هاوکاری"دا بڵاوکردەوە و ئیتر ئەو خولیایە لەگەڵما هەڵکشاو هەتا ئێستاش بەردەوامە.
بەرهەمی ساڵانێکی سەرەتای نووسینم دوای تەتەڵەکردن لە دیوانێکی بچکۆلەدا لە ساڵی 2000دا لە سلێمانی بە ناونیشانی "نەوەیەک پیرە منداڵ" چاپکرد.
ساڵی 2005 دووەم دیوانی خۆم لە دەزگای ئاراس بە ناونیشانی "بە تەنیشت فەنابوونەوە" چاپکرد و دوای ئەویش لە ساڵی 2008 لە هەمان دەزگا دیوانی سێهەمم بە ناونیشانی "ساڵێک لە نیگەرانیی" چاپکرد و دوا دیوانیشم لە ساڵی 2009 لە چاپخانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بە ناونیشانی "گوناهەکانی دڵنیایی" چاپکرد.
هیچ کات حەز بە درێژدادڕیی ناکەم، بۆیە لێرەوە ئیدی من مەرەخەس ئەبم و ئێوەش ماڵ، ماڵی خۆتانە و کەسێ نییە پێتان بڵێت، کەی دێن و کەی ئەڕۆن، کەواتە من جێتان دێڵم و دەرگای حەوشەش بە کراوەیی جێدێڵم.
بەرزان هەستیار
کۆلن / ئهڵمانیا
|